Diakurd logo

بەرزنرخاندنی خوێندن و زانست نیشانەی پێشکەوتنی کۆمەڵگان!

بەڕێزانی جڤاتی زانیارانی کورد

بەڕێزانی بەشدار لە سیمپۆزیۆمی جیهانیی ژنانی زانیار و پسپۆری کورد

هەوڵی بەڕێزتان بۆ ڕێکخستنی سیمپۆزیۆمێکی تایبەت لە سەر ئەستێرەیێکی گەشی ئاسمانی ئەدەب و هۆنراوە و مێژووی کورد، خاتوو مەستوورەی ئەردەڵان، جێگەی ڕێز و پێزانینە. بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی بەڕێزتان دەکەین و هیوادارین چالاکیەکەتان بە پێی پێوەرەکانی زانستی کاریگەر و شوێندانەر و سەرکەوتوو بێت. ئاواتەخوازین کە ئەم چالاکیە تەنیا سەرەتای کاری هاوبەشتان بێت و بتوانن وەک کەسایەتیەکانی ئاکادێمی و پسپۆر و خاوەن ئەزموونی کورد بۆ ماوەی درێژخایەن هاوکار و پاڵپشتی یەکتر بن. سەرکەوتنتان ئەکرێت زۆر تاکی سەرکەوتووی کورد هان بدات بۆ پشتبەستن بە هاوبیر و هاوزمانانی خۆی بۆ کاری هاوبەش.

دیاسپۆرای کورد لە وڵاتانی ڕۆژاوایی خاوەن مێژوویێکی زیاتر لە ٦٠ ساڵە. لەم ماوەیە دا ڕووناکبیران و چالاکڤانانی کورد هەوڵیان داوە بە دامەزراندنی کۆمەڵە و ناوەندەکان جیاواز خزمەت بە بەرژەوەندیەگشتیەکانی نەتەوەکەمان لە دیاسپۆرا و کوردستان بکەن. دیاسپۆرای کورد  کۆمەڵگایێکی چالاکە و بە پێی توانا خاوەن هەڵوێستە وهەست بە بەرپرسایەتی دەکا. بەداخەوە لە هەمان کات دا ناتەبایی و کێشەکانی نێوخۆییمان ڕێگەی گەیشتن بە ئاواتەکانی نەتەوەییمان درێژتر دەکەن. بۆیە ئەبێ چ وەک تاک و چ وەک ئەندام لە تۆر، کۆمەڵە و ڕێکخراوەجیاوازەکان هەست بە بەرپرسایەتی بکەین و هەموو هەولەکانمان بخەینە گەڕ بۆ ڕێکخستنی نێوماڵی نەتەوەکەمان.

دووای چوار ساڵ هەوڵ و تێکۆشانی فیدراسیۆن و ناوەندەکانی کوردی لە تاراوگە لە ٢٢/١/٢٠٢٢ واتە ٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ کۆنفیدراسیونی کوردانی دیاسپۆرا – دیاکورد لە ستۆکهۆلم دامەزرا. ئارمانجە سەرەکیەکانی دیاکورد بریتین لە

١. پەرەپێدانی هاوکاری لە نێو ڕێکخراوەکانی کوردی و پێشخستنی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردانی دیاسپۆرا

٢. بەهێزکردنی ئینتیگراسیون و پەیوەندیەکانی دیاسپۆرای کورد لە گەل وڵاتان و نەتەوەکانی تر

٣. پشتگیری لە بەرژەوەندیەکانی نەتەوەیی کوردان و مافی چارەنووسی گەلی کوردستان

لە پێناو بەدیهێنانی ئەم ئارمانجانە و خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی نەتەوەییمان ئامادەییمان ڕادەگەیێنین بۆ هاوکاری و پاڵپشتی لە کار و چالاکیەکانی زانستیتان. بە پێویست دەازنین کە پەیوەندیی بەردواممان هەبێت بۆ ئال وگۆری بیرورا و پتەوکردنی هاوکاریی ڕێکخراوەیی. هیوادارین پەیوەندیەکانمان هەر بەردەوام بن و بە پێی توانا هاوکار وپاڵپشتی یەکتر بین.

هەر بژین و سەرکەوتوو بن زانستپەروەرانی کورد!

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆنفیدراسیۆنی کوردانی دیاسپۆرا – دیاکورد

١٠/٢/٢٠٢٢

RSS
Facebook
Twitter
YouTube
Instagram