Diakurd logo

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی دیاکورد یەکەم کۆبوونەوەی پێک هێنا!

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆنفیدراسیۆنی کوردانی دیاسپۆرا – دیاکورد یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی لە ٢٧/١/٢٠٢٢ بە ڕێگەی ئۆنلاین پێک هێنا.

١) نرخاندنی کۆنگرەی زارای نیشتمان

کۆنگرەی دامەزراندنی دیاکورد لە ڕۆژی شەممە ٢٢/١/٢٠٢٢ (٢ی ڕێبەندان) بە ئامادەبونی زیاتر لە ١٢٠ کەس بە فیزیکی و ٦٠ کەس بە ئۆنلاین لە نوێنەرانی فیدراسیۆن و ناوەندەکان و ژمارەیەکی بەربەچاو لە پسپۆران و شارەزایانی کورد و نوێنەرانی لایەنە سیاسیەکان وەک مێوان لە ستۆکهۆلمی پێتەختی سوێد بەڕێوەچوو. بۆ پشتگیری و ڕێزگرتن لە خەبات و خۆراگری مامۆستای کورد زارا محەمەدی کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە حوکمی بەندیخانەی بەسەردا سەپێنراوە، ناوی “زارای نشتیمان” بۆ کۆنگرە هەلبژێردرابوو.

کۆمیتەی بەڕێوەبەری پێکهێنانی کۆنگرە و دامەزراندنی دیاکورد لە هەلومەرجی بوونی پەتای کۆرۆنا دا، بە دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ خەباتی کوردانی دیاسپۆرا دەنرخێنیت. کۆمیتە بە کۆی دەنگ جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە پشت دەبەستێت بە دەستووری پەسەندکراو و بڕیارەکانی کۆنگرە و ئامادەکاری پێویست دەکا بۆ بەدواداچوونی ئەو پێشنیار و تێبینیانەی کە لە کۆنگرە دا باس کراون.

٢) ڕێکخستنی ئۆرگانەکانی دیاکورد

لە کۆنگرە دا لە دەرەوەی چوار نوێنەری فیدراسیۆنەکانی ئەندام، چوار ئەندامی تر و دوو ئەندامی جێگر بۆ کۆمیتەی بەڕێوەبەری هەڵبژێردران. لە کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری دا سەرۆک و سکرتێر و بەرپرسی دارایی بە کۆی دەنگ هەڵبژێردران. کۆمیتەی بەڕێوەبەری لەم کەسانە پێکدێت:

▪ عەدنان ئاغاجان، سەرۆک
▪ وڵات نەهری، سکرتێر
▪ لەیلان مەلە عەبدوڵلا، بەرپرسی دارایی
▪ نوژین ئالاجابەک
▪ کەیا ئیزۆل
▪ ڕۆژ خەلەف
▪ عەدنان موختار
▪ محمد تانریڤێردی
▪ شەوقی ئۆزکان، ئەندامی جێگر
▪ هیوا شوانی، ئەندامی جێگر

کۆمیتەی بەڕێوەبەری لە ماوەیێکی کورت دا بەرپرسانی کۆمیسیونەکانی تایبەت هەڵدەبژێرێت و بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی هەماهەنگی لە گەڵ ئورگانەکانی تر واتە ئەنجومەنی ڕاوێژکاران و کۆمیتەی چاوردێری دەکا.

٣) نرخ و ئارمانجەکانی دیاکورد

دیاکورد لە چالاکی و پێوەندیەکانی دا ڕێز لە ئیرادە و سەروەریی کوردانی دیاسپۆرا دەگرێت. دیاکورد پابەندە بە نرخەکانی نەتەوەیی و دەیەوێت بە پاراستنی سەربەخۆیی ئابووری، سیاسی و ڕێکخستنی ببێتە جێگەی متمانەی هەموو کوردستانیان و دۆستانی کورد.

دیاکورد ڕێز لە خەباتی هەموو لایەنەسیاسیەکانی کوردستانی دەگرێت و گرینگیەکی تایبەت بە پێوەندیەکانی لە گەل حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدا. پەیوەندیەکانی دیاکورد لە گەل هەڕێمی کوردستان و لایەنەسیاسیەکان لە سەر بنەمای نرخەکانی نەتەوەیی و پاڵپشتیی دوولایەنە دەبێت. دیاکورد پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان و پشتگیریکردنی مافی چارەنووس بۆ گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێت. یەکێتی، هاوکاری و یەکڕیزیی نەتەوەی کورد یەک لە ئامانجەسەرەکیەکانی دیاکوردە.

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆنفیدراسیۆنی کوردانی دیاسپۆرا – دیاکورد
٣٠/١/٢٠٢٢

RSS
Facebook
Twitter
YouTube
Instagram