Kurdish woman

پەیامی دیاکورد بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنان

کۆنفیدراسیۆنی کوردانی دیاسپۆرا – دیاکورد هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان لە هەموو ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز پیرۆز دەکات. دیاکورد رێز لە خەباتی بێوچانی ژنان لە پێناو یەکسانی تەواو لە نێوان ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی ڕامیاری، ئابووری و کۆمەڵایەتی دەگرێت. دیاکورد و رێکخراوەکانی ئەندامی لەو بڕوایەدان کە مافی ژنان مافی نیوەی کۆمەڵ و مافی بناغەیی مرۆڤە و بە بێ ئازادی ژنان، کۆمەڵگا ئازاد نابێ و ڕووی پێشکەوتن و گەشەکردن بەخۆیەوە نابینێ.

دیاکورد لە سەرەتای خەباتیەوە دژی هەر جۆرە هەڵاواردنی هەموو مرۆڤەکان بە ژن و پیاو و زایەندەکانی دیکەیە. بڕوامان وایە مرۆڤایەتی کاتێک ئاشتی بەخۆیەوە دەبینێت کە ئەندامانی کۆمەڵگا خاوەنی مافی یەکسان و ئەرکی کۆمەڵایەتی بەپێی تواناکانی خۆیان بن.

ئیمە لەکاتێکدا یادی رۆژی ژنان دەکەینەوە کە لەماوەی چەندین ساڵی رابردوودا لە بەرەکانی بەربەرەکانی دژی داگیرکاری وکۆنەپەرستی “داعش”دا ژنانی کورد ڕۆلی سەرەکیان گێڕاوە لە فیداکاری و بەرگریی نشتیمانی دا. سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕووی مێژوویی و کولتووریەوە ژنانی کوردستان لە بەراورد لە گەڵ ژنانی دیکەی نەتەوەکانی دەوروبەر خاوەنی پێگەیەکی چاکتری کۆمەڵایەتی و ئابووری بوون، بەداخەوە ژنانی نشتیمانەکەمان هەم لە لایەن دەسەڵاتە داگیرکارەکانی کوردستان و هەم لە لایەن کولتووری پیاوسالارانەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای کوردستان دا دەبنە قوربانی هەڵاواردن و هەموو جۆرە توندوتیژیەکی دەروونی و جەستیی و کۆمەڵایەتی.

بەو حاڵەش دا بە هۆی قەوارەی کولتووری و کۆمەڵایەتی خەڵکی کورد، ژنانی کورد لە دیاسپۆرا و لەوانە لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهانیش سەرەرای بوونی دەرفەتی چاکتر بۆ پێشکەوتن و گەشەکردن، قوربانی یەکەمی فەرهەنگی پیاوسالارین و بەو هۆیەوە زۆربەی چالاکی و دەرفەتەکانی خۆنواندن و گەشەکردنیان لێ سنووردار کراوە.

سەرەرای خەباتی ژنان لە پێناو یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، جارێ رێگایەکی زۆر ماوە تا ژنان لە کوردستان  و کۆمەڵگا نەریتیەکان بە ئاستێکی گونجاو لە یەکسانی بگەن. ڕۆژ نیە لە کوردستان ژنێک نەبێتە قوربانی توندوتیژی ناسراو بە “توندوتیژی نامووسی”، ئەم دیاردەیە بەداخەوە لە دیاسپۆراش بەشێوەکانی جۆراجۆر خۆی دەنوێنێت.

سەرکەوتوو بێ تێکۆشان بۆ یەکسانیی ژن و پیاو!

پیرۆز بێت ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان!

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆنفیدراسیۆنی کوردانی دیاسپۆرا – دیاکورد
8/3/2022

RSS
Facebook
Twitter
YouTube
Instagram