34 ساڵ لەمەوبەر لە 16ی ئازاری 1988 ڕژێمی فاشیستی عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر هەڵەبجە. لە ئەنجامی ئەم کارەساتەدا زیاتر لە 5000 هاووڵاتی کورد شەهید و بە دەیان هەزاریش بریندار و ئاوارە بوون. هەروەها ژینگەی ناوچەکە ژەهراوی کرا و دار و گیا و هەموو ئاژەڵەکانی دەوروبەری هەڵەبجە لەنێوبران.
کیمیابارانی هەڵەبجە و شوێنەکانی تری کوردستان بەشێک بوون لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی ڕژێمی بەعسی سەدام حوسێن بە ئامانجی جینۆسایدکردنی گەلی کورد. کارەساتی ئەنفال و کیمیابارانیش هێشتا برینێکی سەختە بۆ سەر ژیانی خەڵکی ناوچەکە. تا ئێستاش زۆرێک لە شەهیدانی ئەنفال بێسەروشوێنن و یان نەگەڕێندراونەتەوە بۆ سەر خاکی کوردستان. کاریگەریی ئەو تراژیدیایە هێشتا دەبێتە هۆی مردنی پێشوەختەی خەڵکی ناوچەکە و بەشێکی زۆر لە منداڵان بە نەخۆشی و کەمئەندامی لەدایک دەبن.
داگیرکەران لە هەموو بەشەکانی کوردستان گازی کیمیایی و چەکی دیکەی کۆمەڵکوژییان لە دژی گەلەکەمان بەکارهێناوە. دەسەڵاتدارانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ملیۆنێک کوردیان کوشتووە و هێشتاش لە سیاسەتی جینۆسایدی گەلی کورد پەیڕەوی دەکەن.
داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و سەرجەمی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان دەکەین کە چاو لە پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد نەکەن و لە دژی هێرشەکانی ڕژێمەکانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا لە دژی نەتەوەی کورد ڕاوەستن. داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو حکوومەتە دیموکراتییەکان دەکەین کە بە فەرمی کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژی ئەنفال بە جینۆساید بناسن.
شەهیدانی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە و هەموو کوردستان بە ڕێزەوە بەبیر دێنین!
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆنفیدراسیۆنی کوردانی دیاسپۆرا – دیاکورد
16/3/2022