لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ شەنگاڵ ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژییەکی دڕندانە بوو. ئەو کارەساتە بوو بە برینێکی قووڵ کە ئێش و ئازارەکانی لە دڵ و گیانی هەموو کورد و کوردستانیان و بە تایبەت کوردانی ئێزدی جێی گرتووە و هەرگیز لەبیر ناچێتەوە. تا ئێستاش چارەنووسی هەزاران ژن و کچی شەنگاڵ نادیارە و خەڵکی ناوچەکە نەیانتوانیوە ژیانێکی ئاسایی پێکبێنن.
تیرۆریستانی داعش دوای داگیرکردنی مووسڵ لە حوزەیرانی 2014، دەستیان بە کوشتاری بەکۆمەڵ و ستەمکاریی نامرۆڤانە کرد. ههزاران كوردی ئێزدی دهستگیرکران و كوژران و رفێندران. سەدان هەزار کەس ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و پەنایان بۆ چیاکانی شەنگاڵ ببەن. زۆریان لە گەرمای هاویندا بەبێ ئاو و خواردن و شوێنی مانەوە گیانیان لەدەستدا. ئەوانەی کە نەیانتوانی خۆیان ڕزگار کەن، کەوتنە دەست تیرۆریستانی حکومەتی ئیسلامیی داعش. تیرۆریستان هەزاران پیاو و کوڕیان کوشت و هەزاران کچ و ژنیان ڕفاند و لە بازاڕەکانی موسڵ و ڕەقە فرۆشتیان.
ئایینی ئێزدی یەکێکە لە ئایینە کۆنەکانی کورد و خاوەنی مێژووی هەزاران ساڵە. بەدرێژایی مێژوو کوردانی ئێزدی بە هۆی بیروبڕوای جیاوازیانەوە ڕووبەڕووی هێرش و پەلامار و کارەسات و فەرمانی بێشوماری داگیرکەرانی کۆنەپەرەست و خوێنڕێژ بوونەتەوە.
ئەگەر یارمەتیی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان و ڕێکخراوەکانی توندڕەوی ئیسلامی نەبوایە، داعش هەرگیز نەدەگەیشتە ئەو ئاست و هێزەی کە بەدەستی هێنا. ئەوان بە چەک و تەقەمەنی و پارە و مەشقی سەربازی یارمەتیی هێزەتۆندوتیژەکان دەدا لە دژی کورد.
هێزەتوندڕەوەکانی ئیسلامی تەنیا هەڕەشە نین بۆ سەر کورد. ئەوان دژی هەموو تاک و لایەنێکن کە بڕوای بە یەکسانی، دیموکراسی و نرخەکانی مرۆڤایەتی هەبێت. داعش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئازادی و ئاشتی و دیموکراسی و هەموو بەها مرۆییەکان. بۆیە پێویستە هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە دەیانەوێت بەها مرۆییەکان بپارێزن پێکەوە لە دژی ئەم تیرۆریستانە بوەستن.
ئێمە بە توندی ئیدانەی کارەساتی شەنگاڵ دەکەین و لە ڕۆژێکی ئاوادا پەیامی هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەو کارەساتە دەنێرین. داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوە مەدەنییەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم مرۆڤدۆستانەكانی جیهان دەكەین كە هاوكاری و پاڵپشتی كۆمەڵگەی كوردی ئێزدی بكەن بۆ ئەوەی جارێكی تر ژیان لە شەنگاڵ و ناوچەكانی تری زیانلێكەوتوو بەو كارەساتە ئاسایی بێتەوە. داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین هەوڵی زیاتر بدەن بۆ رزگارکردنی ئەو ژن و کچە ئێزدیانەی کە تا ئێستاش دیلی داعشن. داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و هەموو مرۆڤایەتی دەکەین کە بە هەموو توانایانەوە دژی گروپە جیهادی و توندوتیژەکان بوەستنەوە و ڕێگە نەدەن جارێکی تر کارەساتێکی لەو شێوەیە بەسەر مرۆڤایەتیدا بێتەوە.
کۆنفیدراسیۆنی کوردانی دیاسپۆرا – دیاکورد
٣/٨/٢٠٢٢