Dr. Sadiq Şerefkendi

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە تێروری د. سادقی شەرەفکەندی و هاوڕێیانی ڕۆخساری ڕاستەقینەی خۆی پیشانی جیهان دا!

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات د. سادقی شەرەفکەندی و هاوڕێیانی فەتاحی عەبدولی و هومایونی ئەردەڵان و چالاکڤان نووری دێهکوردی ٣٠ ساڵ لەمەوبەر لە ڕێکەوتی ١٧ی ئەیلوول واتە ٢٦ی خەرمانانی ١٩٩٢ی هەتاوی بە دەستی تێرۆریستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە بەرلین شەهید کران. دادگای ئاڵمان لە ساڵی ١٩٩٧ دا دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی لە باڵاترین ئاستدا بە تاوانی تێرۆری د. شەرەفکەندی و هاوڕێیانی تۆمەتبار کرد و بەو هۆیەشەوە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ ماوەیەک پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵ ئێران ڕاگرت.

د. سادق شەرەفکەندی لە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکرات دا وەک سەرکردەیەکی زانا، پێشەنگێکی ئازا و جێگەی متمانە قەبوول کرابوو، بەڵام رێزگرتن لە خەبات و کەسایەتیی د. شەرەفکەندی لە چوارچێوەی حیزبی فراوانتر بوو. ئەو بە لێهاتوویی و خەباتی نەتەوەیی خۆی توانیی بوو ببێتە جێگەی ڕێز و بڕوا لە نێو لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حەتا لە بەشەکانی تری کوردستانیش وەک درێژەپێدەری سیاسەتی د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو دەبینرا. د. شەرەفکەندی هەروەها لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دا وەک کەسایەتییەکی دیار و بە ئەزموون هەژمار دەکرا.

تێرۆرکردنی سەرکردە و کەسایەتییە دیارەکانی کورد یەکێک لە بناغەکانی سیاسەتی دژەکوردیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و پێش ئەویش ڕژێمی شایەنشایی بووە. تێرۆری د. شەرەفەکەندی و هاوڕێیانی لە بەرلین، تێرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانی لە ڤیەن لە ساڵی ١٩٨٩ و تێرۆری سەدان پێشمەرگە و خەباتکاری کورد درێژەی هەمان سیاسەتی داگیرکاریی ئێرانە لە کوردستان، کە پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی لە ساڵی ١٩٤٧ لە سێدارە دا و سمکۆی شکاکی لە سەر مێزی دانوستان لە ساڵی ١٩٣٠ بە تێرۆر گەیاند.

ڕێژیمی ئێران بە تێرۆر کردنی ڕێبەران و کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی زۆری دا بۆ شکستپێهێنانی شۆڕشی کورد و ناچار کردنی گەلی کورد بە دەستبەرداربوون لە ئامانج و ئاواتە ڕەواکانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین. ئەمڕۆ بە خۆشحاڵیەوە دەبینین کە سیاسەتی داگیرکاریی ئێران سەرکەوتوو نەبووە و ڕێبازانی ڕێگەی قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی جارێکی دیکە یەکدەنگ و یەکگرتوون و لە ژێر چەتری “حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران” بۆ مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەکۆشن. یەکڕیزی و یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات و هەوڵدان بۆ دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتووی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، باشترین وەڵامە بۆ گەیشتن بە ئامانجە رەواکانی گەلەکەمان لەو بەشەی کوردستان.

لە ٣٠مین ساڵڤەگەری تێرۆری د. سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی دا، یادی سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و رزگاریی کوردستان بەرز ڕادەگرین. ئێمە جارێکی دیکە تێرۆری سەرکردە و خەباتکارانی کورد لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە توندی ئیدانە دەکەین و داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین کە لە بەرامبەر تێرۆری دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێشێلکردنی مافی گەلی کورد بێدەنگ نەمێنن.

شەهیدان نامرن و ڕێبازیان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بەردەوام دەبێت!

کۆنفیدڕاسیۆنی کوردانی دیاسپۆرا – دیاکورد

١٦/٩/٢٠٢٢

RSS
Facebook
Twitter
YouTube
Instagram