ھیچ شتێك لە سەرخۆبوون و ئازادی بەنرختر نییە !

نەتەوەی كورد خاوەنی مێژوویەكی دێرینە و بە ھەزاران ساڵ پێش زایین، نەتەوەی كورد لە سەر خاكی كوردستان ژیاوە.بە درێژایی مێژوو كوردستان داگیر كراوە، دابەش كراوە و زۆڵم و چەوسانەوەیەكی كەم وێنە بە سەر نەتەوەی كورد دا سەپێندراوە.

دەستبەسەر كردن، كوشتن، تاڵان و وێران كردن، رۆژانە لە دژی گەلی كورد بەرێوە چووە ، بەڵام لە ھەمبەردا نەتەوەی كورد ھەمێشە دیفاعی لە خاك و خەڵكەكەی كردووە. نەتەوەی كورد بە سەربڵندی خۆی پاراستوە و بۆ پێشەرۆژێكی رووناك خەبات دەكات.

پێنج ساڵ بەر لە ئێستا و لە 25ی ئەیلولی 2017 دا ، نەتەوەی كورد شانازیەكی مێژوویی تۆمار كرد. لە رێفراندۆمی سەربەخۆی كوردستاندا 92,73 % لە ھاووڵاتیان، پشتیوانی خۆیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە باشووری كوردستان  نیشان دا. پرۆسەی گشتپرسی بە ئیرادەی سیاسی و پشتیوانی نەتەوەیی لە كاتی خۆیدا و لە ھەموو ناوچەكانی باشووری كوردستان بەرێوە چوو. بڕیاری گشتپرسی سەربەخۆی كوردستان وسەركەوتنی ئەو پرۆسەیە بووە بە ھۆی سەربڵندی و خۆشحاڵی ھەموو نشتیمانپەروەران و ئازادیخوازنی كورد لە ھەموو بەشەكانی كوردستان.

نەتەوەی كورد لە سەراسەری كوردستانی گەورە، دیاسپۆرا و تەنانەت لە ژێر زەخت و ستەمی دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان بە كۆمەڵ ڕژانە سەر شەقام و كۆڵانەكان و لە ژێر ئاڵای پیرۆزی كوردستان و بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و شایی و گۆڤەند، ئەو سەركەوتنەیان لە یەكتر پیرۆز كرد.

لە لایەكی دیكەوە رێفراندۆم بوو بە كابۆسێك بێ وێنە بۆ داگیركەرانی كوردستان. دۆژمنانی كوردستان بە سەركردایەتی ئێران و توركیە، بە داڕێشتنی پیلان لە دژی ئەو دەستكەوتەی گەلی كورد، ھەوڵی خنكاندنی بانگی ئازادی نەتەوەی كوردیان دا.

ھەروەك دەزانین ئەوان لە مێژ ساڵە بڕیاریان داوە كە لە دژی ھەموو ھیوا و پێشكەوتنێكی نەتەوەی كورد ڕاوەستن و ھەوڵی لە ناوبردنی بدەن.

بەداخەوە داگیركەرانی كوردستان توانی یان كاڵفام و جاھیلانی ئێمەی كورد، بۆ بەرژەوەندیەكانی خۆیان بەكار بێنن و ئەو كەسانە بكەن بە بەربەستی رێگای سەربەخۆیی.

ھەوەھا لە ھەمبەر پەیامی زەڵالی نەتەوەی كورد، ھەموو جیھان لە ھەمبەر ھێرشی داگیركەران بۆ سەر نەتەوەی كورد كەڕ و لال بوون و ھیچ كەسێك بەرگری لە نەتەوەی كورد نەكرد.

پاش تێپەڕ بوونی پێنج ساڵ بە سەر رێفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان ، دەبێ دۆست و دوژمنانی نەتەوەی كورد دڵنیا بن كە رێچكەی ئازادی و سەرخۆبوون كۆتایی نەھاتووە و ناھێت! پرسی كورد، پرسی نەتەوەیەكە كە ھیچ كاتێك بندەستی و داگیركاری قەبووڵ نەكردووە و نایكات.

دۆزی كورد ھەر بەردەوامە، بەڵام بۆ گەیشتن بە ئارمانجە نەتەوەییەكانی خۆمان، ئێمە پێویستیمان بە یەكرێزی و ھەماھەنگی ھەموو ھێزە كوردیەكان ھەیە. ئێستا كاتی ئەوە ھاتووە كە ئێمە لە كلیدی چارەسەری پرسە نێوخۆیەكانی خۆمان و بە ھێز كردنی یەكیەتی نەتەوەی بگەرێن. پێویستە ئێمە پەروەردەی نەتەوەیی بكەین بە بەشێك لە ژیانی رۆژانەی خۆمان و نەسڵەكانی تازە بۆ پێشەرۆژێكی ڕووناك ئامادە بكەین. پێویستە ئێمە لە دەرەوەی كوردستان بەرژەوەندی نەتەوەییەكان بپارێزین و پەیوەندی لە گەل وڵاتانی دێموكرات و ناوەندەكانی بڕیاردەر بەھێز بكەین.

رێفراندۆم نەیتوانی سەرخۆبوویی بۆ كوردستان تۆمار بكا ، بەڵام بوو بە بەڵگەیەكی زۆر بەھێز كە ھەموو كاتێك و لە ھەر سەردەمێكدا دەتوانرێت لە پەیوەندی و پەیمانە ناوچەیی و ناو دەوڵەتیەكان دا جێگای ھەبێ. رێفراندۆم دەنگی ڕاستینی گەلی كورد بە ھەموو جیھان نیشان دا. ئیتر لە ھەموو جێگایەكی ئەو جیھانە دەزانن كە رێفراندۆم  بەرھەمی دۆزی رزگاری نەتەوەی و خەباتی بێ میناكی ھێزی پێشمەرگە و وڵاتپارێزان، خوێنی شەھیدان، ژێنۆسایدی نەتەوەیی، فیداكاری ھاووڵاتیان  و ئیرادەی پێشەنگەکانی كوردایەتی یە.

ئێمە یادی ئەو سەركەوتنە بە شانازیەوە بەرز ڕادەگرین و پێنجەمین ساڵرۆژی رێفراندۆمی سەربەخۆی باشووری كوردستان لە ھەموو نەتەوەی كورد پیرۆزبایی دەكەین.

كۆنفیدراسیونی كوردانی دیاسپۆرا  – دیاكورد
25/09/2022

RSS
Facebook
Twitter
YouTube
Instagram