دیاکورد پشتگیریی ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات

لە کۆبوونەوەی مانگانەی کۆمیتەی بەڕێوەبریی دیاکورد دا بە وردی باس لە ڕاپەڕینی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هەروەها هێرشەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (حدکا، کومەڵە و پاک) و ناوچەکانی تری باشووری کوردستان کرا.

کۆمیتەی بەڕێوەبری پشتیوانیی و بەشداریی کوردانی دیاسپۆرا لە خۆپێشاندان و چالاکییەکانی پشتیوانیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی ڕژێمی تێرۆریستی ئێران زۆر بەگرنگ زانی و داوا لە ڕێکخەرانی چالاکییەکانی کرد کە لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئۆپۆزیسیون و لایەنەکانی ئێرانی و ڕێکخستنی چالاكییه‌كانی هاوبەش له‌گه‌ڵیاندا، ده‌نگ و ڕەنگی كوردستان له‌به‌رچاو بگرن و ده‌رگای هاوكاری به‌ڕووی هه‌موو لایه‌نه‌كوردستانیەکان دا بكه‌نه‌وه‌. یەکڕیزی و یەکگرتوویی کورد لە تاراوگە بەدڵنیاییەوە هێز بە ڕاپەڕین دەبەخشێت و لە لای دیکەشەوە بەم شێوەیە ناوەندەکانی بڕیاردەر باشتر لە داواکاری و پێداویستییەکانی کورد ئاگادار دەبنەوە.

کومیتەی بەڕێوەبەری بڕیاری دا بەردەوام بێت لە ڕێکخستن و پاڵپشتیکردنی چالاکیەکان لەڕێگەی فیدراسیۆنەکانی ئەندامەوە و هەروەها بە نووسینی نامەیەک بۆ ناوەندە نێونەتەویەکان، داوای پشتیوانیی جیهانی بکات بۆ ڕاپەڕینی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

RSS
Facebook
Twitter
YouTube
Instagram