§١. ناو، ناوەند و شوێنی چالاکی
ڕێکخراوە بە ناوەکانی ” کۆنفیدراسیۆنی کوردانی دیاسپۆرا ” و ” کۆنفیدراسیۆنا کوردێن دیاسپۆرا ” دەناسرێت. ناوی کۆرتکراوی ڕێکخراوە دیاکوردە ((Diakurd و ڕێکخراوە ئەکرێ بەم ناوە پێناسە بکرێت.
ناوی ڕێکخراوە بە زمانی ئینگلیسی دەبێتە” Kurdish Diaspora Confederation”.
ناوەندی ڕێکخراوەکە لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سویدە. بەپێی مەرجەکان کۆمیتەی بەڕێوەبەری دەتوانێت سەنتەرەکە بگوازێتەوە بۆ وڵاتێکی تر.
§٢. ئامانج و ئەرکەکانی ڕێکخراوە
کۆنفیدراسیۆنی کوردانی دیاسپۆرا – دیاکورد لە بواری ئێتیکی، سیاسی، ئایینی و مەزهەبیەوە بێلایەنە. دیاکورد پارێزەری دێمۆکراسی، ئاشتی، ئازادی، یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتیە. دیاکورد بۆ یەکێتیی نەتەوەی کورد لە دیاسپۆرا و کوردستان تێدەکۆشێت.
ئامانجە سەرەکیەکانی دیاکورد بریتین لە:
١. پەرەپێدانی هاوکاری لە نێو ڕێکخراوەکانی کوردی و پێشخستنی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردانی دیاسپۆرا:
دیاکورد چەتری فیدراسیۆن و ڕێکخراوەکانی تری کوردی لە تاراوگەیە. دیاکورد بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی کۆردیناسیونی چالاکیەکانی نەتەوەییی ڕێکخراوەکانی کورد لە دیاسپۆرا کاردەکات. ئەو پاڵپشتی ناسنامە و فەرهەنگی کوردیە. دیاکورد لە پێناو بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگە ی کوردی لە دیاسپۆرا کار دەکات.
٢. بەهێزکردنی ئینتیگراسیون و پەیوەندیەکانی دیاسپۆرای کورد لە گەل وڵاتان و نەتەوەکانی تر:
دیاکورد کوردانی دیاسپۆرا هان دەدا بۆ خوێندن، کارکردن، بەشداری لە سیاسەت، خۆڕێکخستن، پاراستنت زمان و ناسنامەی نەتەوەیی و چاکردنی پەیوەندی لە گەل ئەم وڵاتانەی کە لێی نێشتەجین. ئامانجی دیاکورد بەهێزکردنی پەیوەندیەکان و چاکردنی دۆخێکی سازندەیە بۆ دیالۆگی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسی لە نێو کۆردان و ئەم وڵاتانەی کە دیاسپۆرای کورد لێی نێشتەجیە.
٣. پشتگیری لە بەرژەوەندیەکانی نەتەوەیی کوردان و مافی چارەنووسی گەلی کوردستان:
دیاکورد پشتگیریی پێکەوەژیان، ئازادی، دێمۆکراسی، یەکسانیی کۆمەڵایەتی و دیاریکردنی مافی چارەنووس لە هەموو بەشەکانی کوردستان. دیاکورد لە پەیوەندیەکانی لە گەل ناوەندەکانی بڕیاردەر، لۆبێی بەرژەوەندیەکانی کوردستان و کوردانی تاراوگە دەکا. ئامانجی دوواڕۆژی دیاکورد دامەزراندنی کۆنگرەی کوردانی دیاسپۆرا یە.
لە پێناو پێكاندنی ئارمانجەكانی، دیاكورد:
١. لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئینتیگراسیۆن هاوکاریی ئەندامانی دەکا بۆ داڕێشتنی پلان و جێبەجێکردنی چالاکیی تایبەت.
٢. لە پێناو گەیشتن بە ئارمانجەكانی خوی لە گەل فدراسیونەكانی ئەندام، رێكخستنەكانی تری كوردی، دەسەڵاتی كوردی لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لایەنەكانی دیكە كە ئارمانجی ھاوبەشییان ھەیە، ھاوكاری دەكا.
٣. ھەلدەستێت بە رێككخستنی چالاكیی سەربەخۆ یا ھاوبەش لە گەل رێكخستنەكانی ئەندام و لایەنەكانی پەیوەندیدار.
٤. بەشێوەیەكی چالاكانە بەشداری لە تاوتوكردنی گشتی لە سەر پرسی كورد، تاراوگە و بابەتەكانی گرێدراو بە پەیوەندیی كوردان لە گەل دنیای دەرەوە دەكا.
٥. هەول دەدا بۆ بەڕێوەبردنی چالاکیەکانی ببێتە خاوەن بارەگا، ناوەند، شەریکە و پێداویستیەکانی تر.
بۆ دابینکردنی تێچویی دارایی دیاکورد بۆی هەیە:
١. حەقی ئەندامەتی و یارمەتیی ئابۆری لە ئەندامەکانی وەربگرێ.
٢. یارمەتی لە لایەنەکانی کوردستانی و نێونەتەوەیی داوا بکا و وەربگرێ.
٣. بەرهەم و خزمەتگوزاریەکانی پەیوەندیدار بە ئامانجەکانی پێشکێش بکا.
٤. خەڵات و یارمەتیی مرۆڤدوستانە وەربگرێ
٥. بە ڕێگایەکانی یاسایی پارە دابین بکا و تیرۆپشک ئەنجام بدات.
§٣. ساڵی دارایی
ساڵی دارایی لە ١/١ی ساڵ دەستپێدەکا و لە ٣١/١٢ کووتایی دێت. ساڵی دارایی یەکەم بە تۆمارکردنی ڕێکخراوە دەسپێدەکا و تا کۆتایی ساڵی دوواتر بەردەوام دەبێ.
§٤. ئەندامەتی
هەموو ڕێکخراوەکانی مەدەنی وەک فیدارسیۆن و ناوەند کە بە فەرمی لە دیاسپۆرا تۆمارکرابن و مەرجەکانی خوارێ بەجێبێنن بۆیان هەیە وەک ئەندام لە دیاکورد وەربگیرێن:
١. دەستووری فەرمیی دیاکورد وەک خۆی پەسەند بکات و پشتگیریی بکات.
٢. دان بە کورد وەک نەتەوەێیک بنێت کە خاوەنی وڵات، ئاڵا و سروودی نەتەوەییە و مافی چارەنووس و دامەزراندنی دەولەتی سەربەخۆیی هەیە.
لەم وڵاتانای کە فیدراسیۆن دانەمەزراون، ڕێکخراوەکانی مەدەنی ئەتوانن داوای ئەندامەتی بکەن.
ئەندامەتی بە نووسینی نامەی فەرمی لە گەل کۆپیی تۆماری فەرمیی ڕێکخراوە، ناوی ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ، داوا دەکرێت. ئەم فیدراسیۆن و ناوەندانەی کە داوای ئەندامەتی دەکەن، پێویستە لیستی فەرمیی کۆمەڵەکانی ئەندامیان بینێرن.
فیدراسیۆن و ناوەندەکانی تر کە لەنێوان دوو کۆنگرە داوای ئەندامێتی دەکەن و لە لایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەریەوە پەسەند دەکرێن دەتوانن وەک بەرئەندام لەکارو کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری بەشداری بکەن.
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی دیاکورد دوای پێداچوونەوە لە بەجێگەیاندنی مەرجەکان، بە نامەی فەرمی وڵامی داواکاری دەداتەوە. لە کاتێک دا کە داوای ئەندامەتی قەبوول نەکرێت، پێویستە هۆیەکانی بە نووسراوە دەستنیشان بکرێن.
§٥. کۆتاییهاتنی ئەندامەتی
ئەندامەتی ئەکرێت لە سەر وازهێنانی دڵخواز یا دەرکردن بە کۆتایی بێت.
وازهێنانی دڵخواز بە ناردنی نامەی فەرمی بۆ کۆمیتەی بەڕێوەبەری ئەکرێت. بۆ وازهێنان لە ئەندامەتی پێویستی بە بڕیاری فەرمیی ڕێکخراوی ئەندام هەیە.
لە سەر داوای کۆمیتەی بەڕێوەبەری، کۆنگرە ئەتوانیت بڕیاری دەرکردنی ئەندام بدات. هۆکارەکانی دەرکردن بەستراوە بە جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی ئەندامەتی. پێش بڕیاری دەرکردن، پێویستە دەرفەت بە ئەندام بدرێت لە ماوەی ٣ مانگ دا خۆی سەرڕاست کاتەوە. بڕیاری دەرکردن و هۆیەکانی پێویستە بە نووسراوە بێت.
§٦. حەقی ئەندامەتی
کۆنگرە لە سەر پێشنیاری کۆمیتەی بەڕێوەبەری حەقی ئەندامەتی بۆ ڕێکخراوەکان و کەسایەتیەکان دیار دەکات. حەقی ئەندامەتی پێویستە پێش کۆتایی مانگی ئەیلول بدرێت.
§٧. ئۆرگانەکانی ڕێکخراوە
ئۆرگانەکانی دیاکورد بریتین لە کۆنگرە، کۆمیتەی بەڕێوەبەری، کۆمیتەی چاودێری و ئەنجومەنی ڕاوێژکاران.
§٨. کۆنگرە
کۆنگرە بڵندترین ئۆرگانی دیاکوردە. لە کۆنگرەی یەکەم دا دیاکورد بە فەرمی دادەمەزرێت و دووای ئەم هەر دوو ساڵ جارێک کۆنگرەی ئاسایی ڕێکدەخرێت.
کۆنگرە لە لایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەریەوە بانگهێشت دەکرێت. بانگهێشتنامەی کۆنگرە پێویستە لانی کەم ٣٠ رۆژ پێش کۆنگرە بنێردرێت. لە نامەکە دا پێویستە ناوەڕووکی کۆنگرە شی بکرێتەوە.
ئەرکەکانی کۆنگرە لەم خالانە پێک دێ:
١. بڕیاردان لە سەر گۆڕینی دەستوور
٢. نرخاندنی کارۆباری ٢ ساڵی ڕابردووی ڕێکخراوە و . تاوتوکردنی دۆخی کوردستان و دیاسپۆرا
٣. پێداچوونەوە بەم پێشنیارانە کە لە لایەن ئەندامانەوە بۆ کۆنگرە نێردراون
٤ دیارکردنی ستراتژی و میسیونی دیاکورد و پێشنیارکردنی بەرنامە و خەباتی بناخەیی بۆ ماوەی ٢ ساڵی داهاتوو
٥. هەڵبژاردنی کۆمیتەی بەڕێوەبەری
٦. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ڕاوێژکاران
٧. هەڵبژاردنی کۆمیتەی چاودێری
٨. پەسەندکردن و دەرکردنی ئەندامان لە سەر پێشنیاری کۆمیتەی بەڕێوەبەری
٩. بڕیاردان لە سەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوە.
نوێنەرانی کۆنگرە بەم شێوە دەسنیشان دەکرێت:
١. هەر یەک لە ڕێکخراوەکانی ئەندام ئەتوانێت ٥ نوێنەری خۆی بۆ کۆنگرە بەڕێبکات.
٢. ناوەندەکانی تایبەت (وەک ئەنیستیتۆ، ناوەندی ئاکادێمی، ناوەندی دینی، کۆمەڵەی پیشەیی هتد.) کە وەک ئەندام پەسەند کرابن، ئەتوانن هەر یەک نوێنەرێک بۆ کۆنگرە دیار بکەن.
٣. لەم وڵاتانەی کە فیدراسیۆن نەبێ، کۆمەڵەکانی ئەندام ئەتوانن کەسێك وەک نوێنەریان بۆ کۆنگرە بەڕێبکەن.
٤. ئەندامانی ئەنجومەنی ڕاوێژکاران وەک نوێنەر لە کۆنگرە بەشداری دەکەن.
٥. کەسایەتیەکانی ئەندام لە کۆنگرە بەشداری دەکەن.
هەموو نوێنەرانی بەشدار لە کۆنگرە ئەتوانن خۆیان بۆ کۆمیتەت بەڕێوەبەری کاندید بکەن. بەربژارەکان پێویستە بە فیزیکی و یا ئۆنلاین خۆیان لە کۆنگرە دا ئامادە بن.
لە کۆنگرە دا تەنیا ئەم ڕێکخراوە و کەسایەتیانە کە حەقی ئەندامەتیان داوە، خاوەن مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتن هەیانە.
§٩. کۆمیتەی بەڕێوەبەری
کۆمیتەی بەڕێوەبەری لە دوو بەش پێک دێ:
- بەشی یەکەم لە نوێنەری هەر یەک لە فیدراسیۆنەکانی ئەندام پێک دێ.
- بەشێ دووهەم کە ژمارەیان وەک ژمارەی فیدراسیۆنەکانی ئەندامە و لە گەل دوو ئەندامی جێگر لە لایەن کۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێن. لە هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری دا باشترە نوێنەرایەتیی جۆگرافی، زایهند )جێندەری( و کوردستانی لە بەرچاو بگیرێت.
کۆمیتەی بەڕێوەبەری لانی کەم یەک جار لە مانگ کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەکان بۆی هەیە لە ڕێگەی ئۆنڵاینیش بێت. بانگهێشت و ڕۆژەڤی کۆبوونەوە پێویستە ٧ ڕۆژ پێش کۆبوونەوە لە لایەن سەرۆک و یا سکرتێرەوە بۆ ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری بنێردرێت. سەرۆکی دیاکورد کۆبوونەوەکە بەڕێوەدەبات.
کۆبوونەوەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری بە بەشداریی ئەندامانی ئامادە خاوەن بڕیارە.
کۆمیتەی بەڕێوەبەری بە تایبەت ئەم ئەرکانەی هەیە:
ا. هەڵبژاردنی سەرۆکی دیاکورد، سکرتێر و بەرپرسی دارایی
ب. پلاندانان و جێبەجێکردنی پرۆژە و چالاکی و دیاریکردنی بۆدجەی ساڵانە.
پ. ناردنی پێشنیار بۆ کۆنگرە سەبارەت بە وەرگرتن و دەرکردنی ئەندامان.
ت. دامەزراندنی کۆمیتە و کۆمیسیونەکانی تایبەت (وەک کارۆباری گەنجان، ژنان، نەتەوەسازی، دیپلۆماسی، ئێکۆلۆژی، ئابۆری، توێژینەوەی زانستی و هتد.).
کۆمیتەی بەڕێوەبەری ئەتوانێت ئەم کەسایەتیانەی کە خزمەتێکی درێژخایەن و نەتەوەییان کردبێت و یا لە ئاستی نێونەتەوەیی دەسکەوتی بەربەچاویان بەدەست هێنابێت، وەک ئەندام لە کۆمیتەی بەڕێوەبەری دەسنیشان بکات. بڕیارەکانی وا بە دەنگی ٣/٢ی ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری دەدرێت.
مافی دەنگدان بۆ بەشداری لە بڕیاردان بۆ هەموو ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکسانە. دەنگدان ئەکرێت کراوە یا شاراوە بێت.
کۆمیتەی بەڕێوەبەری بە دەنگی زۆڕینەی ئەندامانی ئامادە لە کۆبوونەوە دا بڕیار دەدات. کاتێک کە دەنگەکان وەک یێک دەربچن، سەرۆک خاوەن بڕیارە.
سکرتێر ڕاپۆرتی کۆبوونەوەکان دەنووسێت و کۆمیتەی بەڕێوەبەری لە کۆبوونەوەی داهاتوویان پەسەندی دەکەن.
ئەندامانی جێگر بۆیان هەیە لە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری بەشدار بن، بەڵام مافی دەنگدانیان نیە. لە کاتێک دا کە ئەندامێکی کۆمیتەی بەڕێوەبەری دەست لە کار هەڵگرێت، ئەندامێکی جێگر تا کۆتایی ماوەی دیاریکراو جێگەی ئەو دەگرێتەوە.
لە سەر داوای ٣/٢ی ئەندامان، سەرۆک ئەرکدار دەبێت داوای کۆنگرەی نائاسایی بۆ ئەندامان بەڕێبکات. هۆی گرتنی کۆنگرەی نائاسایی پێویستە لە بانگهێشتنامەکە دا بنووسرێت.
کۆمیتەی بەڕێوەبەری بەرپرسیارە لەوەی کە ژمێریاری بە ڕێکۆپێکی بکرێت. لە پرسەکانی دارایی، سەرۆک و بەرپرسی دارایی مافی واژۆکردنیان هەیە. بەرپرسی دارایی ئەرکدارە بەڵگەکانی دارایی کۆبکاتەوە و کارەکانی لە کاتی خۆی دا جێبەجێ بکات. ئەو هەروا بەرپرسیارە لە کۆکردنەوەی داهات و یارمەتیەکان بۆ بەڕێوەبردنی بواری ئابوریی کاروباری ڕێکخراوە.
لە کۆتایی ساڵی دارایی چاودێر ڕاپۆرتی دارایی بۆ کۆمیتەی بەڕێوەبەری بەڕێدەکات.
§ ١٠ ئەنجومەنی ڕاوێژکاران
ئەنجومەنی ڕاوێژکاران دەستەیەکی ڕاوێژکارییە و بە پێشنیار و سەرنجەکانی کارەکانی دیاکورد دەوڵەمەند دەکات. ئەو کەسانەی کە خزمەتی نەتەوەییان کردووە یان دەستکەوتی گرنگیان بەدەست هێناوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، لە کۆنگرەدا وەک ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژکاران هەڵدەبژێردرێن. ژمارەیان لەکۆنگرەدا دیاری دەکرێت.
ئەنجومەنی ڕاوێژکاران بەرپرسیار و کەسانی تر بۆ کاروباری خۆی دیاری دەکات. ئەنجومەنی ڕاوێژکاران پرۆتۆکۆلی کۆبوونەوەکانی خۆی بۆ کۆمیتەی بەڕێوەبەری دەنێرێت و بە لانی کەم دوو جار لە ساڵێکدا کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ کۆمیتەی بەڕێوەبەری دەکات.
لە نێوان دوو کۆنگرە دا کەسایەتیەکانی کورد دەتوانن داوای ئەندامەتی لە ئەنجومەنی ڕاوێژکاران بۆ کۆمیتەی بەڕێوەبەری بەڕێبکەن. ئەندامانی پێشنیارکراو لەلایەن کۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێن.
§١١. کۆمیتەی چاودێری
کۆمیتەی چاودێری لەلایەن کۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێت بۆ چاودێریکردنی ئابووری و پێداچوونەوە لە کارەکانی دیاکورد. ژمارەی ئەندامانی کۆمیتەی چاودێری لە لایەن کۆنگرەوە دیار دەکرێت.
§١٢. واژۆکردن لە سەر ناوی ڕێکخراوە
سەرۆک دووای ئاگادارکردنی کۆمیتەی بەڕێوەبەر مافی واژۆکردنی لە سەر ناوی دیاکورد هەیە. کاتێک کە سەرۆک ئامادە نەبێت، ئەو بۆی هەیە دەسەڵاتی واژۆکردن بە ئەندامێکی تری کۆمیتەی بەڕێوەبەری بدات.
§١٣. گۆڕینی دەستوور و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوە
بڕیاری گۆڕێنی دەستوور و هەڵوەشاندنەوەی دیاکورد ئەتوانێت تەنیا لە لایەن کۆنگرەی ئاسایی بە ڕێژەی دەنگی دوو لە سەر سێ (٣/٢) بدرێت. باسی گۆڕینی دەستوور یا هەڵوەشاندنەوەی دیاکورد ئەبێ لە بانگهێشتنامەی کۆنگرەی ئاسایی دا بنووسرێت.
لە کاتی هەڵوەشاندنەوەی دیاکورد، دارایی ڕێکخراوە لە نێو فیدراسیون و ڕێکخراوەکانی تری ئەندام دابەش دەکرێت.
دەستوور بە بڕیاری کۆنگرەی دامەزراندنی کۆنفیدراسیونی کوردانی دیاسپۆرا – دیاکورد لە ٢٢/٠١/٢٠٢٢ لە ستۆکهۆلم پەسەند کراوە و کەوتووتە بواری جێبەجێکردن. دەستووری فەرمی بە زمانی کوردی و ئینگلیسی بڵاوکراوەتەوە.